Skip to main content

چۆنیەتیی زیادکردنی شوێنێک بۆ گووگڵ ماپس


لەگەڵ پێشچوونی تەکنۆلۆژیا و فراوانبوونی ئینتەرنێت یەکێک لەو بوارانەی گرنگییەکی باشی پێدرا نەخشەکان بوو، بە جۆرێک گەورەکۆمپانیاکانی وەکوو گووگڵ و مایکرۆسۆفت و نۆکیا خزمەتگوزاری نەخشەیان بەردەستخست بە نزیکەیی بۆ تەواوی وڵاتانی جیھان، ھەریەکیان دەویەویست لەم بوارە ببێتە پێشەنگ، لە ھەوڵی ئەوە بوون کە باشترین نەخشە بۆ ھەر وڵات و ناوچەیەک دروست بکەن، لێرە گووگڵ ماپس (Google Maps) بووە پێشەنگ، یەکێک لە ھۆیەکانی ئەم پێشەنگ بوونەش ڕاگەیاندنی پڕۆژەیەک بوو بە ناوی نەخشەسازی گووگڵ (Google Map Maker) کە خەڵکی دەیانتوانی لەڕێی ماڵپەڕێکەوە شوێن و ڕێگاکانی ناوچە و وڵاتەکەیان بۆ نەخشەکە زیاد بکەن، ئەم پڕۆژەیە خەڵکێکی زۆری خۆبەخشی لەدەوری خۆی کۆکردەوە و بووە ھۆی ئەوەی نەخشەی گووگڵ بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەبسەنێت و بەکارھێنەری زیاتر ببن.
سەبارەت بە ھەرێمی کوردستان، بە ھەمان شێوەی وڵاتانی تر کۆمەڵێک کەسی خۆبەخش بەشداربوون لە زیادکردنی شوێنەکان و باشترکردنی نەخشەکە، بەڵام بەھۆی کەمی بەشداربووان و نەبوونی بەشداری لەلایەن دەزگاکانی حکوومەتەوە، وەکوو شارەوانییەکان؛ کە دابینکردن و باشترکردنی نەخشەکان ئەرکێکی سەرەکیی ئەوانە، تا ئێستا نەتوانراوە نەخشەیەکی ڕێکوپێک و پڕزانیاری دروست بکرێت کە ببێتە جێی ڕەزامەندیی ھاوڵاتیان. دەتوانین بڵێین نەخشەی ھەرێمی کوردستان لە گووگڵ ماپس یەکێکە لە خراپترین نەخشەکان بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیھان.
گووگڵ ئەمساڵ (٢٠١٧) کۆتایی بە پڕۆژەی نەخشەسازی گووگڵ ھێنا، و بەشێکی فرمانەکانی ئەم ماڵپەڕەی گواستەوە بۆ ماڵپەڕ و ئاپی سەرەکیی گووگڵ ماپس، لەوانە زیادکردنی شوێنەکان؛ وەکوو قوتابخانە، نەخۆشخانە، دوکان و دامودەزگا حکوومی و بازرگانییەکانی تر، بەڵام ھەندێک فرمانی وەکوو زیادکردنی ڕێگاکان و گوند و شارەکان ئێستا چیتر بەردەست نین، و دیار نییە کە گووگڵ لە ئایندە بەردەستیان داخاتەوە یان نا.
لێرە باسی زیادکردنی شوێنەکان دەکەین لەڕێی ماڵپەڕی گووگڵ و ئەپی گووگڵ ماپسی تایبەت بە مۆبایلەکان. کە گووگڵ ھەوڵی داوە ئیشەکە زۆر سادە بکات، بە جۆرێک بە چەند ھەنگاوێکی سادە دەتوانیت شوێنێکی بازرگانی (وەک دوکان، بەنزینخانە، ڕێستۆرانت و ...) یان بینایەکی گشتی (وەک قوتابخانە، نەخۆشخانە، مزگەوت، و ...) زیاد بکەیت.
دەتوانیت شوێن ئەم ھەنگاوانە بکەویت بۆ زیادکردنی شوێنێک، لە مۆبایل:

1.    لە مۆبایلەکەت بەرنامەی (Google Maps) بکەوە
2.    ھێڵی ئینتەرنێتەکەت بکەوە و (GPS)یش چالاک بکە، تا شوێنەکەت بە وردی دیاری بکات.
3.    پەنجەت دابگرە لەسەر ئەو شوێنەی کە دەتەوێت زیادی بکەیت و پەنجەت ھەڵمەگرە تا لە خوارەوە پەنجەرەیەکت بۆ دەکاتەوە.
4.    کلیک لە پەنجەرەکە بکە بۆ فراوانبوون.
5.    بڕۆ پەنجە بنێ بە بژاردەی (Add a missing place).
6.    لەو پەنجەرەیەی بۆت دەکرێتەوە، داوای کۆمەڵێک زانیارییت لێ دەکات لەسەر شوێنەکە، وەک ناو و پۆلی شوێنەکە، ھەروەھا دەتوانی ماڵپەڕ و ژمارەی مۆبایل و کاتژمێرەکانی کارکردن و کۆمەڵێک وێنەی شوێنەکەشی لەگەڵ دابنێی.
7.    دوای پڕکردنەوەی خانەکان بە دروستی، پەنجەبنێ بە دوگمەی ناردن، کە ئایکۆنێکە لە شێوەی فڕۆکەیەکی کاخەزی.

دواتر لە کاتی زیادبوونی شوێنەکە بۆ سەر نەخشە، گووگڵ بە ئیمەیلێک ئاگادارت دەکاتەوە.
لە کۆمپیوتەریش بە ڕێگەیەکی ھاوشێوە دەکرێ شوێن زیاد بکەیت.



Comments

Post a Comment

Popular posts from this blog

Sarchia Kurdish fonts - فۆنتە کوردییەکانی سەرچیا

فۆنتەکانی سەرچیا، کۆمەڵە فۆنتێکن کە ژمارەیان سەد (١٠٠) فۆنتە، ئەم فۆنتانە داڕێژراون لەسەر پیتە کوردییەکان بەپێی سیستمی یونیکۆد، ئەم فۆنتانە بەشێکیان ھەر فۆنتە کوردییەکانی ترن کە لەلایەن چەند گرووپ و کەسانێکەوە دروستکراون بەڵام ھەر بەشێوە کۆنەکەیان نا بەڵکوو بە چەندین گۆڕانکارییەوە بەتایبەتیش لە بابەتی ھێماکانی خاڵبەندی و لەبابەتی ئەو پیتانەی کە تەنھا لەزمانی کوردیدا ھەن و بەشێکی زۆری ئەم فۆنتانەش تازەن کە لە کۆمەڵێک فۆنتی فارسییەوە وەرگیراون . ھەندێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم فۆنتانە بریتین لەوەی کە : * ئەم فۆنتانە سەرەڕای ئەوەی ھەریەکەیان ناوێکی تایبەت بەخۆیان ھەیە، ھەمووشیان ژمارەیەکی تایبەت بەخۆیان ھەیە و کە سوودی ئەوەی دەبێت کە ئاسانتر فۆنتەکان بناسینەوە و سوودی ئەوەشی ھەیە کە وادەکات فۆنتەکان بێنە ڕیزی ھەرەپێشەوە لەو پڕۆگرامانەی کە فۆنتەکانی تیادا بەکاردەبەین، بەمەش کاتێکی کەمترمان دەوێت بۆ چوونە سەر فۆنتی مەبەست، بەتایبەتیش بۆ ئەو کەسانەی کە ژمارەیەکی زۆر فۆنتیان دامەزراندووە لەسەر کۆمپیوتەرەکانیان. * لەم فۆنتانە گرینگییەکی زۆر دراوە بە ھێماکانی خاڵبەندی، بەد...

کۆرسێکی سەرەتایی بۆ فێربوونی کوردی - سۆرانی

کۆرسێکی سەرەتایی بۆ فێربوونی کوردی «سۆرانی» لەم زەمانە سایت و بەرنامەکانی فێربوونی زمانەکان گەلێک زۆر بوون، ھەر یەکەی لەسەر تەکنیک و ڕێگەی وا داڕێژراون، کە پڕۆسەی فێربوون بۆ بەکارھێنەران ئاسان و کاریگەر بکەن. یەکێک لە بەرنامە باش و ناودارانەی ئەو بوارە، بەرنامەی (memrise)ە، کە بۆ سیستەمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس بەردەستە، تا ھەنووکە لەلایەن ملیۆنان بەکارھێنەرەوە دابەزێندراوە. بەرنامەکە  لە سەدان کۆرسی فێربوونی زمانەکان و فێربوونی زانستەکان پێکدێت، بەشێکی کۆرسەکان لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەریی بەرنامەکەوە دروستکراون، بەشێکیشیان لەلایەن بەکارھێنەرانەوە. لە بەشی زمانی کوردی کۆرسێکمان ئامادەکردووە، بۆ ئەو بیانییانەی ئینگلیزی دەزانن و دەیانەوێت کوردی فێرببن، کۆرسەکە لە ١٨ بەش پێکھاتووە، ھەر بەشێکی دەستەیەک وشەی لەخۆگرتووە. بەو ھیوایەی ئەم کۆرسە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەو بیانییانەی ئارەزووی فێربوونی کوردی «سۆرانی»یان ھەیە، یان ئەو گەشتیارانەی دێنە کوردستان و دەیانەوێت چەند وشەیەکی کوردی بزانن، تا ئاسانتر پەیوەندی بە خەڵک بکەن. چەند سەرنجێک: - جگە لەم کۆرسە، کۆمەڵێک کۆرسی تریش بۆ ز...