Skip to main content

پرۆسەی دیزاینی ئەندازیاری چییە؟

 | پرۆسەی دیزاینی ئەندازیاری (Engineering Design Process)

بریتییە لە زنجیرەک هەنگاو کە ئەندازیاران پەیڕەوی دەکەن لە کاتی چارەسەرکردنی کێشەیەک یان دروستکردنی بەرهەمێک.

ئەم پرۆسەیە دووبارەبوونەوەی تێدایە، واتە لە هەر هەنگاوێک ئەندازیاران دەکرێ چەند جارێک هەوڵ بدەن تا بگەن بە ڕێگەیەکی دروست، و سوود لە هەڵەکان وەردەگیرێت بۆ چاکسازی کردن لە بەرهەم یان پرۆسەکە.

ژمارەی هەنگاوەکانی پرۆسەی دیزاینی ئەندازیاری دەکرێ بەپێی بواری ئەندازیاری و تیمەکان بگۆڕدرێ، بەڵام بەگشتی لەم هەنگاوانە پێکدێت.

پرسین: پێویستییەکان و ڕێگرییەکان دیاری بکەن

ئەندازیاران بەشێوەیەکی ڕەخنەگرانە پرسیار دەکەن کاتێک دەیانەوێت شتێک دروست بکەن، ئەو شتە بینایەک بێت یان فڕۆکەیەک. پرسیارەکان دەکرێ ئەمانە بن: ئەو کێشەیە چییە کە دەبێت چارەسەر بکرێت؟ دەمانەوێت چی دیزاین بکەین؟ کێ ئەو شتە بەکاردێنێت کە دیزاینی دەکەین؟ پێویستییەکانی پرۆژەکەمان چین؟ بۆچی گرنگە ئەو کارە بکەین و ئامانجمان چییە؟

لە کێشەکە بکۆڵەوە

لەم هەنگاوە پێویست بەوە دەکات خەڵکی لە چەند بواری جیاوازەوە بەشداربن تا بزانن پێشتر لەو بوارە چ بەرهەم و چارەسەرێک خراوەتەڕوو. سوود لە ئەزموونی کەسانی دیکە وەربگرن، و خۆتان بەدوور بگرن لەو هەڵانەی پێشتر کراون. هەروەها ئەوەش دیاری بکەن کە پێویستتان بە چ تەکنۆلۆژیایەک دەبێت.

خەیاڵ بکەن: پەرە بە چەند چارەسەرێک بدەن

لەم هەنگاوە لەگەڵ تیمێک کاردەکەیت تا زۆرترین بیرۆکە بخەنەڕوو و ئاڵوگۆڕیان بکەن. لە یەک کات قسە لەسەر یەک بیرۆکە بکەن و تەنیا باسی بابەتی پەیوەندیدار بکەن. ئەوەتان لەبیربێت کە دیزاینێکی باش تەنیا لەڕێی تیمێکی باشەوە دەکرێت.

پلان دابنێن: چارەسەرێکی گونجاو هەڵبژێرن

بۆ زۆرێک لە تیمەکان ئەمە هەنگاوێکی سەختە. ئەو بیرۆکانەی لە قۆناغی پێشوو خرانەڕوو، لەم قۆناغە لایەنە باش و خراپەکانی هەر بیرۆکەیەک دیاری دەکرێن و بیرۆکە هەرە باشەکەیان هەڵدەبژێرن. دواتر پلانێک دادەنێن کە چۆن ئەو بیرۆکەیە پێش ببەن.

دروست بکەن: نموونە (پرۆتۆتایپ)ێک بنیات بنێن

دروستکردنی نموونەیەک وا دەکات بیرۆکەکەت ببێتە ڕاستی. لەم هەنگاوە ئەوە بۆ تیمەکەتان ڕوون دەبێتەوە کە ئایا نموونەکەتان لەگەڵ خواست و ئامانجە سەرەتایییەکانتان دەگونێجێت.

تاقی بکەنەوە و هەڵی بسەنگێنن

لەم هەنگاوانە ئەو پرسیارانە بکەن: ئایا نموونەکەتان کار دەکات؟ ئایا چارەسەری ئەو کێشەیە دەکات کە سەرەتا دیاریتان کرد؟

تاوتوێی ئەو ئەنجامە بکەن کە بەدەست هاتووە و فیدباک وەربگرن. ئەوە شیبکەنەوە کە چ شتێک باش کار دەکات، چی کارناکات و چ شتێک دەکرێت باشتر بکرێت.

چاکسازی بکەن: دووبارە دیزاینی بکەن بەپێی پێویستی

لەم هەنگاوە وتووێژ لەسەر ئەوە بکەن چۆن دەتوانن چارەسەر (نموونە)کەتان باشتر بکەن. بە کارەکانتان بچنەوە و دیزاینی نوێتری بۆ بکەن.


ئەم پرۆسەیە دووبارە بکەنەوە تا بە باشترین چارەسەر دەگەن.




سەرچاوەکان:

https://www.teachengineering.org/design/designprocess

Comments

Popular posts from this blog

Sarchia Kurdish fonts - فۆنتە کوردییەکانی سەرچیا

فۆنتەکانی سەرچیا، کۆمەڵە فۆنتێکن کە ژمارەیان سەد (١٠٠) فۆنتە، ئەم فۆنتانە داڕێژراون لەسەر پیتە کوردییەکان بەپێی سیستمی یونیکۆد، ئەم فۆنتانە بەشێکیان ھەر فۆنتە کوردییەکانی ترن کە لەلایەن چەند گرووپ و کەسانێکەوە دروستکراون بەڵام ھەر بەشێوە کۆنەکەیان نا بەڵکوو بە چەندین گۆڕانکارییەوە بەتایبەتیش لە بابەتی ھێماکانی خاڵبەندی و لەبابەتی ئەو پیتانەی کە تەنھا لەزمانی کوردیدا ھەن و بەشێکی زۆری ئەم فۆنتانەش تازەن کە لە کۆمەڵێک فۆنتی فارسییەوە وەرگیراون . ھەندێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم فۆنتانە بریتین لەوەی کە : * ئەم فۆنتانە سەرەڕای ئەوەی ھەریەکەیان ناوێکی تایبەت بەخۆیان ھەیە، ھەمووشیان ژمارەیەکی تایبەت بەخۆیان ھەیە و کە سوودی ئەوەی دەبێت کە ئاسانتر فۆنتەکان بناسینەوە و سوودی ئەوەشی ھەیە کە وادەکات فۆنتەکان بێنە ڕیزی ھەرەپێشەوە لەو پڕۆگرامانەی کە فۆنتەکانی تیادا بەکاردەبەین، بەمەش کاتێکی کەمترمان دەوێت بۆ چوونە سەر فۆنتی مەبەست، بەتایبەتیش بۆ ئەو کەسانەی کە ژمارەیەکی زۆر فۆنتیان دامەزراندووە لەسەر کۆمپیوتەرەکانیان. * لەم فۆنتانە گرینگییەکی زۆر دراوە بە ھێماکانی خاڵبەندی، بەد...

کۆرسێکی سەرەتایی بۆ فێربوونی کوردی - سۆرانی

کۆرسێکی سەرەتایی بۆ فێربوونی کوردی «سۆرانی» لەم زەمانە سایت و بەرنامەکانی فێربوونی زمانەکان گەلێک زۆر بوون، ھەر یەکەی لەسەر تەکنیک و ڕێگەی وا داڕێژراون، کە پڕۆسەی فێربوون بۆ بەکارھێنەران ئاسان و کاریگەر بکەن. یەکێک لە بەرنامە باش و ناودارانەی ئەو بوارە، بەرنامەی (memrise)ە، کە بۆ سیستەمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس بەردەستە، تا ھەنووکە لەلایەن ملیۆنان بەکارھێنەرەوە دابەزێندراوە. بەرنامەکە  لە سەدان کۆرسی فێربوونی زمانەکان و فێربوونی زانستەکان پێکدێت، بەشێکی کۆرسەکان لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەریی بەرنامەکەوە دروستکراون، بەشێکیشیان لەلایەن بەکارھێنەرانەوە. لە بەشی زمانی کوردی کۆرسێکمان ئامادەکردووە، بۆ ئەو بیانییانەی ئینگلیزی دەزانن و دەیانەوێت کوردی فێرببن، کۆرسەکە لە ١٨ بەش پێکھاتووە، ھەر بەشێکی دەستەیەک وشەی لەخۆگرتووە. بەو ھیوایەی ئەم کۆرسە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەو بیانییانەی ئارەزووی فێربوونی کوردی «سۆرانی»یان ھەیە، یان ئەو گەشتیارانەی دێنە کوردستان و دەیانەوێت چەند وشەیەکی کوردی بزانن، تا ئاسانتر پەیوەندی بە خەڵک بکەن. چەند سەرنجێک: - جگە لەم کۆرسە، کۆمەڵێک کۆرسی تریش بۆ ز...