Skip to main content

ڕۆژی زمانی دایک و حاڵی زمانە کوردییەکان

ڕۆژی زمانی دایک


ئەم پارچە نووسینانەی خوارەوە چەند پۆستێکن، کە لە ڕۆژی زمانی دایک لە پەڕەی تایبەتیی خۆم لە فەیسبووک بڵاومکردنەوە، تێیاندا باسی زمانە کوردییەکان و چەند پێشنیازێکم کردووە بۆ چارەسەری بەشێک لە گرفتە سەرەکییەکان.

پۆستی یەکەم

ڕۆژی ۲۱ی شوباتی ھەموو ساڵێک، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکە (زمانی زگماکی)، مێژووی ئەم ڕۆژە دەگەڕێتە بۆ بزووتنەوەی زمانی گەلی بەنگلادیش، کە لە ١٩٥٢ دژی بڕیاری دیاریکردنی زمانی ئوردوو وەک تاکە زمانی دەوڵەتی ئەوکاتی پاکستان خۆپیشاندانیان کرد. ڕێکخراوەی یوونێسکۆ لە ١٩٩٩ ئەو ڕۆژەی کردە ڕۆژێکی جیھانی. ئەم ڕۆژە دەرفەتێکی باشە بۆ وتووێژکردن و زیاتر خزمەتکردنی ئەو زمانانەی ئاخێوەریان کەمە یان مەترسیی لەناوچوونیان هەیە. لە زۆر وڵات کار و چالاکی تایبەت بەو ڕۆژە دەکرێن.

لە ساڵانی پێشوو، لە کوردستان، لەم ڕۆژە چالاکی کەم هەبوون، بەتایبەت ئەو جۆرە چالاکییانەی کە خەڵکی تێیاندا بەشدار دەبن و هەوڵەدەن لەڕێی چەند کارێکی بچووکەوە زمانەکەیان پێشبخەن.
ئێمە، وەک ئاخێوەری کوردی، دەبووایە زۆر چالاکتر باین، بەهۆی ئەوەی بۆ ماوەی دەیان ساڵ زمانەکەمان لەژێر زەبر و هەڕەشە بووە و هەوڵی لەناوبردنی دراوە.

لە چەند پۆستێک هەوڵەدەم باسی حاڵی ئێستای زمانە کوردییەکان بکەم، و چەند پێشنیازێکیش دەخەمەڕوو بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنیان.


زمانی کوردی

پۆستی دووەم 

ئەگەر سەرنجتان دابێت، لە پۆستی پێشوو، لە شوێنێک نووسیبووم (زمانە کوردییەکان)! ڕاستییەکەی کوردی تاکە زمانێک نییە، زمانناسان کوردییان بەسەر سێ لق دابەش کردووە، بەم شێوەیە:

- کوردیی باکووری (کورمانجی)
- کوردیی ناوەندی (سۆرانی)
- کوردیی باشووری (کوردیی خوارین)

پرسیار لێرە ئەوەیە، ئەو سێ لقە زمانن یان زار (دیالێکت)؟ وەڵامی پرسیارێکی وا ئاسان نییە، قانوونێکی دیاریکراو نییە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم پرسە، زۆر جاران هۆکاری سیاسی کاریگەری هەیە بەسەر ئەوەی کە دیالێکتێک وەک زمانێکی سەربەخۆ بناسێنرێت، یان ئەوەی چەند زمانێک وەک دیالێکتی زمانێکی دی تەماشابکرێن.

لە بابەتەکە دوورناکەوینەوە. دەتوانین بڵێین هەر یەک لەم سێ لقەی کوردی زیاتر تایبەتمەندی زمانێکی سەربەخۆیان هەیە، تا دیالێکتی زمانێک. بەتایبەت لە بەراوردی نێوان کوردیی کورمانجی و کوردیی سۆرانی. لە ویکیپیدیای ئینگلیزیش ناوی وتاری زمانی کوردی وا دانراوە (Kurdish languages) زمانە کوردییەکان.

کورد، بەتایبەت ئەوانەی لە بواری زمانناسی کاریان کردووە، زۆرینەی یان دەتوانم بڵێم هەموویان کوردییان وەک یەک زمان پێناسە کردووە و لقەکانیشی وەک زار. ئەم لێکدانەوەیە زیاتر کەوتۆتە ژێر کاریگەریی هەستی نیشتمانپەروەری تا ئەوەی بە بەڵگە و لۆژیک پشتڕاستکرابێتەوە. ئەم کارە قازانج و زیانی هەبووە، بەڵام بۆ ئەم سەردەمەی ئێستا، سەردەمی تەکنۆلۆژیا، زیانەکانی زۆرتر بوون.


زمانە کوردییەکان و تەکنۆلۆژیا

پۆستی سێیەم

لە پۆستی پێشوو قسە لەسەر سێ لقی سەرەکیی کوردی بوون، و گوتمان کە زۆرینەی کورد بە چاوی دیالێکت تەماشای ئەو لقانە دەکات. من زمانناس نیم و کاری من نییە ئەم مەسەلەیە یەکلایی بکەمەوە. بەڵام بەڕای من کاتێک قسە دێتەر سەر تەکنۆلۆژیا و کۆمپیوتەر، پێویستە وەک زمان مامەڵە لەگەڵ ئەو لقانە بکەین، بەتایبەت کوردیی کورمانجی و کوردیی سۆرانی. ئەگەر وا نەکەین کێشەی گەورەمان ڕووبەڕوو دەبنەوە. نموونە بۆ ئەمە زۆرن، باسی هەندێکیان دەکەم.

یەک، ویکیپیدیای کوردی لە ۲۰۰٤ کرایەوە، لەو کاتە بڕیار وابوو وتارەکان بە کوردیی کورمانجی و کوردیی سۆرانی بنووسرێن. ئەمە سەری نەگرت و دوای چەند ساڵێک لە ۲۰۰۹ ویکیپیدیاکان جیاکرانەوە، یەکێکی نوێ بۆ کوردیی ناوەندی (سۆرانی) دروستکرا. پێش ۲۰۰۹ ژمارەی وتارەکان بە کوردیی سۆرانی گەلێک کەم بوون، دوای ئەو کاتە ویکیپیدیای کوردیی سۆرانی بەشێوەیەکی بەرچاو و باش گەشەی کرد.

دوو، لەنێو لیستی زمانەکانی وێبگەی یووتیووب تەنیا کوردی هەیە، جیانەکراوەتەوە بۆ کورمانجی و سۆرانی، کاتێک بمانەوێت ڤیدیۆیەک ژێرنووسی کوردی بکەین، تەنیا دەبێت بە سۆرانی یان کورمانجی بێت. کاتێک ڤیدیۆیەک ژێرنووسی کوردیی سۆرانی هەبێت، ناتوانرێت بۆ کوردیی کورمانجییش وەربگێڕدرێت، ئەمە کێشەی ساز کردووە، ئەوە ڕوونە کە ئاخێوەری کورمانجی ناتوانێت کوردیی سۆرانی بخوێنێتەوە و باش لێی تێبگات، پێچەوانەکەشی ڕاستە.

نموونەیەکی دیکە وەرگێڕی گووگڵە. پۆستێکی دیکە تەرخان دەکەم بۆ وەرگێڕی گووگڵ.



وەرگێڕی گووگڵ

پۆستی چوارەم

وەرگێڕی گووگڵ (Google Translate) نموونەیەکی دیکەیە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە دەبێت لە دونیای تەکنۆلۆژیا وەک دوو زمانی سەربەخۆ چاو لە کوردیی کورمانجی و کوردیی سۆرانی بکەین.

چەند ساڵێک لەمەوبەر گووگڵ کوردی زیاد کرد بۆ پڕۆژەی وەرگێڕانی گووگڵ، تا کەسانی شارەزا بەشداری تێدا بکەن و یارمەتی گووگڵ بدەن تا بە فەرمی کوردی بەردەست بخات. من یەکێک بووم لە بەشداربووە سەرەتایییەکانی ئەو پرۆژەیە، هەر لە سەرەتاوە هەستم بە کێشەی تێکەڵبوونی تێکستە کورمانجی و سۆرانییەکان کرد، کۆمەڵێک برادەر خەریکی وەرگێڕانی ڕستە و وشەکان بوون بۆ کورمانجی، و ئێمەش بۆ سۆرانی، ئەوکات زانیم بەم شێوەیە ماندووبوونەکەمان بەهەدەر دەڕوا و شتێک بە شتێک ناکەین، لەڕێی فیدباکەوە گووگڵم لەو کێشەیە ئاگادارکردووە، پێم وایە کۆمەڵێک برادەری دیکەش ئەو کارەیان کردبێت، چونکە گووگڵ ئاسان گوێ بۆ فیدباکەکان شل ناکات.

ئەوە بوو گووگڵ دوای ماوەیەک درکی بەو کێشەیە کردبوو و تێگەیشتبوو کە ناکرێ لەژێر یەک زمان (کوردی) خزمەتگوزاری وەرگێڕان بۆ کوردەکان دابین بکات، چارە ئەوە بوو کە کردی بە دوو بەش؛ کوردی (کورمانجی) و کوردی (سۆرانی). چەند ساڵێک تێپەڕی و گووگڵ لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ زمانی کوردی (کورمانجی) بۆ وەرگێڕەکەی زیاد کرد. بەڵام دوای چەندین ساڵ هێشتا دیار نییە کەی کوردی (سۆرانی) بەردەست دەخرێت.

هەر لەم پۆستە بە باشی دەزانم باسی چەند هۆکارێک بکەم کە بۆ کوردیی کورمانجی زوو بەردەست خرا و بۆ ئاسۆی کوردیی سۆرانی ناڕوونە لە پرۆژەی وەرگێڕی گووگڵ.

- کوردیی کورمانجی کێشەی یوونیکۆدی پیتەکانی نەبوو، ئەوەش زیاتر بەهۆی ئەوەی کە کەڵک لە ئەلفوبێ لاتینی وەردەگرێت بۆ نووسین، کە زیاتر گونجێنراوە لەگەڵ تەکنۆلۆژیا، بە بەراورد بە ئەلفوبێی عەرەبی. کوردیی سۆرانی هێشتا کێشەی کیبۆردێکی ستاندارد و یەکگرتووی هەیە.
-  کوردیی کورمانجی قامووسێکی ئینتەرنێتی گەورە و باشی هەیە (ویکیفەرهەنگ)، بەپێچەوانەی کوردیی سۆرانی، کە قامووسی چاپکراوی زۆرە و بەڵام کەمیان خراونەتە سەر ئینتەرنێت، بەتایبەت ئەو قامووسانەی کوردی-ئینگلیزین.
-  کوردیی کورمانجی کەمتر شێوێنراوە لەلایەن خەڵک و میدیاکان بە بەراورد بە کوردیی سۆرانی. ڕەنگە ئەم خاڵەتان پێ سەیر بێت. بەڵام ڕۆژانە دەیان نموونە دەبینین لە کوردیی سۆرانی، ڕێزمانی و ڕێنووسی، کە چۆن کەسانی ناشارەزا و میدیای دەبەنگ بە هەڵە دەنووسن.


لە پۆستی پێنجەم باسی پێشنیازەکانم دەکەم بۆ کێشەی زمانە کوردییەکان.


چارەسەری گرفتەکانی زمانی کوردی

پۆستی پێنجەم

لەم پۆستە چەند پێشنیازێک دەخەمەڕوو بۆ چارەسەری ھەندێک لە گرفتە سەرەکییەکان.

- چیتر لە دونیای تەکنۆلۆژیا کوردی وەک تاکە زمانێک مامەڵەی لەگەڵ نەکرێ، دوو لقیی سەرەکیی کوردی؛ کورمانجی و سۆرانی، تا ئاستی زمانی ستاندار ڕۆیشتوون، هەرچی ئاخێوەری زار و بنزارەکانی دیکەی کوردییە پێویستە یەکێک لەم دوو زمانە بە باشی بزانن، بتوانن قسەی پێ بکەن، پێی بخوێننەوە و پێی بنووسن.

- سەبارەت بە لقی کوردیی باشوور، کە زیاتر لە خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام) و چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان قسەی پێ دەکرێت، بۆ ئەوان باشترە کوردیی سۆرانی وەک زمانی سەرەکیی خوێندن بەکاربێنن، و لە پاڵیشیدا فێری زمانەکەشیان (کوردیی باشووری) ببن و لە لەناوچوون بیپارێزن. بۆ ھەورامی و زازاکیش باشترە کارێکی وا بکرێ.

- پێداچوونەوە بە تەواوی سیستەم و کتێبەکانی وەزارەتی پەروەردەی ھەرێمی کوردستان.

- دامەزراندنی چەند ڕێخراوەیەک لە تەواوی پارچەکانی کوردستان و لە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا، کە کاربکەن بۆ کردنەوەی خولی فێرکردنی زمانە کوردییەکان و ھاندانی خەڵک بۆ بەکارھێنانی زمانی زگماکییان.

- کردنەوەی ناوەندێکی گەورەی وەرگێڕان، کە ئۆفیسی لە ھەموو پارچەکانی کوردستان و چەند وڵاتێکی ئەورووپا ھەبێت. کار بکات لەسەر ئەو بابەتانەی سەرچاوەیان بە کوردی کەمە. بەتایبەت بۆ بوارە زانستییەکان.

- کوردیی کورمانجی و کوردیی سۆرانی بۆ تەواوی سیستەمەکانی مۆبایل و کۆمپیوتەر زیاد بکرێت. باشترە بۆ ئەم کارە دەستەیەک دروست بکرێت. ھەروەھا کار بکات بۆ زیاتکردنی زمانە کوردییەکان بۆ بەرنامە و وێبسایتەی کە زۆر بەکارھێنەریان ھەیە.

- کردنەوەی گووگڵی کوردی، لەسەر دۆمەینی ھەرێمی کوردستان (google.krd)، و چاکردنی لەسەر دۆمەینی عێراق، و زیادکردنی بۆ دۆمەینی تورکیا.

پێشنیازێکی دیکەم بۆ زمانی یەکگرتووە، لەبەر گرنگیی بابەتەکە لە پۆستێکی دیکە باسی دەکەم.


زمانی یەکگرتوو

پۆستی شەشەم (کۆتا)

سەبارەت بە زمانی یەکگرتوو، چاوەڕێکردن تا دروستبوونی دەوڵەتێک کە چوار پارچەکەی کوردستان لەخۆبگرێت ژیرانە نییە. دەتوانین لە ئێستاوە کاری لەسەر بکەین، چارەسەرەکە زۆر ئاڵۆز نییە. کردەیی نییە دوو زمان تێکەڵ بکرێت و زمانێکی نوێ دروست ببێت، زەمانێک باسی سۆرمانجی دەکرا (سۆرانی+کورمانجی) ئەمە پێشنیازێکی منداڵانە و بێمانایە، زمانەکان خۆراک نین تا بە ئاسانی تێکەڵ بکرێن و شتێکی خۆشیان لێ بەرهەم بێت.

چارە ئەوەیە لەنێوان دوو زمانە ستانداردەکەمان، یەکێکیان هەڵبژێرین. ئەگەری هەڵبژاردنی کوردیی کورمانجی زیاترە. لەبەر چەند هۆکارێک:

- زۆرترین ئاخێوەری هەیە.
- لە هەموو پارچەکانی کوردستان ئاخێوەری هەیە.
- کەڵک لە ئەلفوبێ لاتینی وەردەگرێت بۆ نووسین. ئەمە یارمەتیی زووتر فێربوونی زمانەکە دەدات. باشتر دەگونجێت لەگەڵ تەکنۆلۆژیا.
- زۆربەی ئاخێوەرانی کوردیی سۆرانی و زارەکانی دیکەی کوردی تێی دەگەن. بەپێچاوەنەوە، کە بەشێکی کەمی ئاخێوەرانی کوردیی کورمانجی دەتوانن لە کوردیی سۆرانی و زارەکانی دیکە بگەن.

بۆ ئەو کارە، گرنگترین شت ئەوەیە کوردیی کورمانجی لە  باکوور و ڕۆژاوای کوردستان (تورکیا و سووریا) وەک زمانی فەرمی بناسێنرێت و لە قوتابخانەکان پێی بخوێنرێت. لە باشوور و ڕۆژهەڵاتیش، لەو ناوچانەی خەڵکەکەی بە کورمانجی قسە دەکەن، زمانی یەکەمی خوێندن بێت و لە تەواوی ناوچەکانی دیکەش، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە زمانەکەیان کوردیی سۆرانییە، وەک زمانی دووەم بخوێنرێت.


- سەرچیا خورشید
   #ڕۆژی_زمانی_دایک #کوردی

Comments

Popular posts from this blog

Sarchia Kurdish fonts - فۆنتە کوردییەکانی سەرچیا

فۆنتەکانی سەرچیا، کۆمەڵە فۆنتێکن کە ژمارەیان سەد (١٠٠) فۆنتە، ئەم فۆنتانە داڕێژراون لەسەر پیتە کوردییەکان بەپێی سیستمی یونیکۆد، ئەم فۆنتانە بەشێکیان ھەر فۆنتە کوردییەکانی ترن کە لەلایەن چەند گرووپ و کەسانێکەوە دروستکراون بەڵام ھەر بەشێوە کۆنەکەیان نا بەڵکوو بە چەندین گۆڕانکارییەوە بەتایبەتیش لە بابەتی ھێماکانی خاڵبەندی و لەبابەتی ئەو پیتانەی کە تەنھا لەزمانی کوردیدا ھەن و بەشێکی زۆری ئەم فۆنتانەش تازەن کە لە کۆمەڵێک فۆنتی فارسییەوە وەرگیراون . ھەندێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم فۆنتانە بریتین لەوەی کە : * ئەم فۆنتانە سەرەڕای ئەوەی ھەریەکەیان ناوێکی تایبەت بەخۆیان ھەیە، ھەمووشیان ژمارەیەکی تایبەت بەخۆیان ھەیە و کە سوودی ئەوەی دەبێت کە ئاسانتر فۆنتەکان بناسینەوە و سوودی ئەوەشی ھەیە کە وادەکات فۆنتەکان بێنە ڕیزی ھەرەپێشەوە لەو پڕۆگرامانەی کە فۆنتەکانی تیادا بەکاردەبەین، بەمەش کاتێکی کەمترمان دەوێت بۆ چوونە سەر فۆنتی مەبەست، بەتایبەتیش بۆ ئەو کەسانەی کە ژمارەیەکی زۆر فۆنتیان دامەزراندووە لەسەر کۆمپیوتەرەکانیان. * لەم فۆنتانە گرینگییەکی زۆر دراوە بە ھێماکانی خاڵبەندی، بەد

کیبۆردی کوردیی سەرچیا - Sarchia Kurdish Keyboard

ئەم کیبۆرد (تەختەکلیل)ە بەرھەمی چەند ساڵێک لەمەوبەرە، بەڵام بەھۆی چەند گرفت یان بابەتێکە ئەو کات بڵاونەکراوەتەوە. ئەم کیبۆردە ڕەنگە نەبێتە شتێکی زۆر تازە، لەبەرەوەی پێشتر چەندان کیبۆرد بۆ سیستەمی ویندۆز دروستکراون. بەڵام بڵاوکردنەوەی لە ئێستا زیادتر لەبەرەوەیە ھێشتا خەڵکی لەسەر بەشێک لەو کیبۆردانە ماون کە کێشەدارن و بەشێکی پیتەکانیان ناستانداردن. لە خوارە بە کورتی چەند تایبەتمەندییەکی کیبۆردەکە ڕوونکراوەتەوە، کە بەشێکیان لە ھیچ کیبۆردێکی کوردیی تر نین: – کیبۆردەکە لەسەر کیبۆردی عەرەبی داڕێژراوە، واتە زۆربەی پیتە کوردییەکان ھاوجێن لەگەڵ پیتە عەرەبییەکان. – سەرجەم پیت و ھێماکانی کیبۆردەکە ستانداردن، و پیتە کوردییەکانیش ئەوانەن کە پەسەندکراون لەلایەن پسپۆڕانی زمانی کوردییەوە. – وەک لە ناونیشانی بابەتەکە ھاتووە، بۆ نووسینی سەرجەم پیتە کوردییەکان پێویستت بە داگرتنی دوگمەی شیفت نابێت. لە بەرانبەر لە کیبۆردە کوردییەکانی تر بۆ بەشێک لە پیتەکان دەبێت دوگمەی شیفتی سەر کیبۆرد دابگریت. – دەتوانی نووسین بە زمانەکانی عەرەبی و فارسی بنووسیت ھەر لەڕێی ئەم کیبۆردەوە، واتە لەڕێی ئەم کیبۆردە