| پۆدکاست زنجیرەیەک ئەڵقەی دەنگییە، وەک بەرنامەکانی ڕادیۆ، بەڵام بەشێوەی ڕاستەخۆ نییە، بەڵکوو گفتوگۆکان تۆماردەکرێن و ڕێکدەخرێن تا دواتر لەسەر ئینتەرنێت بڵاوبکرێنەوە. خەڵکیش لەڕێی ئامێرەکانی وەک مۆبایل و کۆمپیوتەر دەتوانن لە کاتی پەیوەستبوون بە ئینتەرنێت گوێگری بن یان داونلۆدی بکەن.
دروستکردنی پۆدکاستێک لەم سەردەمە کارێکی زۆر گران نییە. ڕەنگە ھەموو کەسێک بە ھەبوونی کۆمپیوتەرێک و ھێلی ئینتەرنێت بتوانێت ئەوە بکات.
چەند خاڵێک ھەن کە دەکرێ بۆ دەستپێکردنی پۆدکاستێک کاری لەسەر بکەیت:
- دیاریکردنی بابەت و ناوەڕۆکی پۆدکاستەکەت. گرنگە بابەت و باسی پۆدکاست لەسەر بوارێکی دیاریکراو بێت کە خۆت شارەزای بیت و حەزت لێی بێت.
- ھەبوونی مایکرۆفۆنێکی باش. دەکرێ بە مایکی کۆمپیوتەر و مۆبایلیش دەنگ تۆماربکەن بەڵام مایکێکی دەرەکی بۆ ئەو کارە باشترە.
- ھەوڵبدە خشتە و بەرنامەیەکی باشی بۆ دابنێی، ئەوەی ھەر حەفتەیەک یان دوو حەفتەیەک ئەڵقەیەک تۆماربکەی و لەگەڵ میوانەکانیش ھەماھەنگیتان ھەبێ کە بتوانن بۆ ھەر ئەڵقەیەک لە کاتی پێویست ئامادەبن. مەرج نییە میوانەکان لە ھەمان شوێنی تۆ بن، دەکرێ لەڕێی ئینتەرنێتەوە پەیوەندی بکەن.
- لەڕێی بەرنامەیەکی باشی تۆمارکردنی دەنگ (وەک: Audacity یان Riverside) ھەموو قسەکانتان تۆمار بکەن و دواتر بەشێوەیەکی گونجاو ڕێکی بخەن. باشترە بۆ پێشەکی، ناوبڕ و کۆتایی پارچە مۆسیقایەکی بۆ زیاد بکەن (مۆسیقایەک کە مافی لەبەرگرتنەوەتان ھەبێت).
- بڵاوکردنەوەی پۆدکاست. گرنگە پۆدکاستەکەتان لە چەند پلاتفۆرمێک بڵاوبکەنەوە، وەک گووگڵ، ئەپڵ، و سپۆتیفای. پێویست نییە یەک یەک لەو پلاتفۆرمانە دایبنێن. ھەندێ سایت ھەن (وەک: Anchor) کە ئەو کارەتان بەخۆڕایی بۆ دەکەن. ھەژمارێک بۆ پۆدکاستەکەتان لەو سایتە دروست دەکەن و فایلە دەنگییەکەتان لەوێ دادەنێن و ئەوانیش لە پلاتفۆرمەکان بڵاوی دەکەنەوە.
- دوای بەردەستبوونی پۆدکاستەکەتان لەو پلاتفۆرمانە گرنگە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشە بۆ پۆدکاستەکەتان بکەن تا بگات بەو کەسانەی حەزیان لە بابەتەکەیە.
- دوای بڵاوبوونەوەی پۆدکاستەکە لەنێو خەڵکی، سەرنج و ڕایان وەربگرن و ھەوڵبدەن داواکارییەکانیان لەبەرچاو بگرن.
Comments
Post a Comment